Media



Profile

د. نەزەند بەگیخانی نووسەر و شاعیر، مامۆستای زانکۆیە لە بەریتانیا، زانکۆی بریستل. لە ١٩٨٧ ەوە لە مەنفا دەژی و خوێندنی باڵای لە زانکۆی سۆربۆنی فەڕەنسی تەواو کردووە. نامەی دکتۆراکەی تایبەت بووە بە ''وێنەی ژنی کورد لەناو ئەدەبییاتی ئەوروپی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم'' کە بە پلەی شەڕەفی باڵا لە ١٩٩٧ پێی بەخشراوە.

د.نەزەند بەگیخانی وەکو شاعیرێکی جیهانی ناسراوە و جگە لە کوردی بە ئینگلیزی و فەڕەنسیش دەنووسێ. بە کوردی شەش دیوانی شیعری و بە ئینگلیزی و فەڕەنسی سێ دیوانی هەیە. لە ساڵی ٢٠١٢ دیوانی 'دوێنێی سبەینێ'' خەڵاتی فێمینی شیعری فەڕەنسی بەناوی سیمۆن لاندری وەرگرتووە.

 

 دیوانه‌ چاپکراوه‌کانی:

دوێنێی سبه‌ینێ، پاریس، کۆمه‌ڵه‌ی هونه‌رمه‌ندانی کورد له‌ فه‌ڕه‌نسا، 1995

ستایش، هه‌ولێر، دەزگای ئاراس، 2004

ره‌نگی خۆڵ (بە هاوکاری لەگەڵ دلاوەر قەرەداغی)، هه‌ولێر، دەزگای ئاراس، 2005

دیوانی زه‌نگوڵی وتن، سلێمانی، چاپخانەی ره‌نج، 2007

عه‌شق غیابێکه‌ ئیلهام رایده‌ژ‌ه‌نێ، سلێمانی، چاپخانەی ره‌نج، 2008

پیاسەیەک لەگەڵ جۆن دۆن، تاران/سلێمانی، غەزەلنووس، ٢٠١٧

د.نەزەند بەگیخانی یەکەمین سەرنووسەری ژن بووە لەناو کوردان کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ سەرنووسەری مانگنامەی لومۆند دیپلۆماتیک بووە کە ئێستا لەبەر کێشەی دارایی هەڵپەسێنراوە. هەروەها وەکو سەرنووسەری تایبەت/میوان لە لایەن 'کوردیش ستەدیس جۆرنال'ەوە داوەتکراوە بۆ دەرکردنی ژمارەیەکی تایبەت بە 'ژن و جەنگ' بە هاوکاریی وەندی هەملیت و نێرینا وەیس. ئەم ژمارە تایبەتەی گۆڤارەکەکە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٨ لە چاپ دەدرێت.

د. نەزەند بەگیخانی خاوەنی چەندەها وتار و کتێبی ئەکادیمییە و  بە زمانانی کوردی و ئینگلیزی و فەڕەنسی، هەروەها لەناو میدیای کوردیدا رۆل و پایەکی مەعریفیی تایبەتی هەیە. دوا کتێبی بە زمانی ئینگلیزی لە ساڵی ٢٠١٥ لە لەندەن چاپکراوە و تایبەتە بە توندوتیژیی بە بیانوی شەرەف لە کوردستانی عێراق و لەناو دیاسپۆرای کوردی لە بەریتانیا (لەگەڵ هاوکارانی د. جیل و د. هەیگ، دەزگای ئاشگەیت). دوا وتاری ئەکادیمیشی بە زمانی ئینگلیزی لە 'کوردیش ستەدیس جۆرنال' بلاودەکرێتەوە (لەگەڵ هەملیت و وەیس) بەناوی

'Theorising Women and War in Kurdistan. A feminist and critical perspective'

 

شایانی باسە کە د. نەزەند بەگیخانی لە چەندەها کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەشداری کردووە وەکو کۆنفرانسی نێودەوڵەتی یوئێن دەربارەی ژن لە پەکین (١٩٩٥)، رێپێوانی جیهانی ژنان لە واشینتن و بەشداری لە کۆنگرەی یوئێن لە نیۆرک (٢٠٠٠)، کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی لە سوید بۆ بەرەنگاربوونەی تاوان لەسەر بنەمای شەرەف (٢٠٠٤). هەروەها رۆڵێکی دیاری هەبووە لە ئاراستەکردنی ستراتیژیی تایبەت بە کوشتن و تاوانەکانی شەرەفپارێزی لەسەر ئاستی ئەوروپا و کوردستان و یوئێن دا. وەکو پسپۆڕ لەگەڵ یوئێن ویمێن و یونامی و حکومەتی سویدی و سکۆتلەندیاردی بەریتانی کاری راوێژکاری کردووە. ئێستاش وەکو پسپۆڕ راوێژکاری نێودەوڵەتیی خوێندنی باڵاو جێندەرە لە هەرێمی کوردستان و دامەزرێنەری سەنتەری خوێندنی جێندەر و توندوتیژیی زانکۆی سلێمانییە، هەروەها لە رێگای نووسینی پرۆپۆزەڵەوە بناغەی دوو سەنتەری دیکەی ئەکادیمی لە کوردستان داناوە، لەوانە زانکۆی سۆران و زانکۆی ئەمریکی.  دوا توێژینەوەی د. نەزەند بەگیخانی تایبەتە بە وێنەی ژن لەناو میدیا لە کوردستان کە بەهاوکاری سەنتەری خوێندنی جێندەر و توندوتیژی زانکۆی سلێمانی ئەنجامی داوە.

جگە لە خەڵاتی شیعریی فێمینی فەڕەنسی سیمۆن لاندری، کارەکانی د. بەگیخانی چەندین خەڵاتییان پێبەخشراوە، لەوانە خەڵاتی ئێما هەمفریس بۆ چالاکی و خەباتی دژی تاوان بە بیانوی شەرەف (٢٠٠٠)، خەڵاتی یەکسانیی جێندەریی کوردستان (٢٠١٥) و خەڵاتی سەید ئیبراهیم بۆ سەرجەم بەرهەمەکانی (٢٠٠٩).

لە ئێستادا نەزەند بە هاوکاری هاوکارانی لە زانکۆی بریستڵ و ئەنجومەنی بەریتانیی بۆ توێژینەوەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و بریتیش کاونسڵ، سەرپەرشتی تویژینەوەیەکی نێودەوڵەتی دەکات دەربارەی دۆخی ژن لەناو ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و بەریتانیادا.