Articles



کۆرۆنا و جێندەر

بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەموو وڵاتانی جیهان و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە دۆخێکی ناهەمواردا دەژی. کاردانەوەی ئەم دۆخە لە سەر چینە هەژار و پەراوێزخراوەکان زیاترە وەک لە سەر چینی باڵا و دەوڵەمەند و زاڵ. لەم بارودۆخەدا، بە پێی راپۆرتەکانی یوئێن و لانسێت و ئۆکسفام، ژنان بەشێکن لەو چینەی کە زیاتر بەرەوڕووی مەترسییەکانی تووشبوون و پەراوێزخستن و توندوتیژیش دەبنەوە.

 

مەترسیی تووشبوون

توێژینەوە زانستییەکان دەریانخستووە کە لە کاتی پەتا و کارەساتە سرووشتییەکان، ژنان زیاتر لە پیاوان بەرەوڕووی نەخۆشی و سەرەنجامە نەرێنییەکانی پەتا و نەخوشییە کوشندەکان دەبنەوە. ئەمانە رەگیان دەگەڕێتەوە بۆ نایەکسانی و نادادوەری کۆمەڵایەتی. بە گوێرەی راپۆرتێکی یوئێن ژنان لە ٪70 کارمەند و کرێکاران لە سێکتەری تەندروستی و کاری سۆشیال و چاودێریی کەسانی پیر و پەککەوتە پێکدەهێنن. ئەو ژنانە لە بەرەی پێشەوەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە و چارەسەکردنی تووشبووان. هەروەها ژنان بە راددەیەکی زۆر کاری چاودێری و خزمەتی کەسانی پیر و لانەوازان لە پەککەوتەخانە و خەستەخانەکان دەکەن. ئەمەش جگە لە ئەرکی قورسیی رۆژانەیان، زیاتر بەرەورووی مەترسی تووشبوونیان دەکاتەوە. لە هەمان کاتدا، زۆربەی ئەو ژنانە مووچەیان کەمترە لە هی پیاوان و یا بە کۆنتراکتی نیوکات ئیش دەکەن و بیمەی تەندروستییان نییە بۆ ئەوەی لە کاتی تەنگانە بەهانایانەوە بێ. نەبوونی هۆشیاریی تەندروستی و هەستکردن بە بێدەسەڵاتیش مەترسییەکان زیاتر دەکات.

جگە لەمانە، ژنانی سکپڕ و ئەوانەی لەم دۆخەدا منداڵیان دەبێ ناتوانن وەکو پێویست چاودێریی تەندروستی و چارەسەر وەربگرن، نەک تەنها لەبەرئەوەی خەستەخانەکان تەرخان کراون بۆ چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا، بەڵکو لەبەر بایەخ پێنەدان و بەهەندوەرنەگرتنی ژیانی ژنان کە رەگی دەگەڕێتەوە بۆ نایەکسانیی جێندەری. سەرەڕای ئەمەش، بەهۆی نۆرمە جێندەرییە باوەکان، ژنان و کچان سەرپەرشتیاری سەرەکیی منداڵ دەکەن و لە ژێر فشارێکی زۆردان بۆ راپەڕاندنی کاروبارەکان  کە لە ماوەی کەرەنتینە و مانەوە لە ماڵەوە زۆر زیاتر بوون. لەم حالەتەدا، ژنان بەوە ناوەستن ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن و ئەمەش مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی زیاد دەکات. لە کاتی تووشبوونیش ژنان وەکو پێویست ئاوڕیان لێنادرێتەوە و بەشێوازی شایستە چارەسەر ناکرێن.

مەترسیی زیادبوونی توندوتیژیی ناو خێزان

ئەم بارودەخەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستی کردووە، وایکردووە کە پیاوان و کوڕەکان ئەمڕۆ ناچارن هەموو کاتیان لە ماڵەوە بەسەر بەرن. لە رووانگەی زۆربەی هەرە زۆری پیاوان ماڵ شوێنی ئیسراحەت و نووستن و خواردنە. زۆر کەم بوون ئەو پیاوانەی لەناو ماڵ هاوکاری دایک و کچ و خوشک و هاوژینەکانیان کردبێ. ئەم دۆخەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستی کردووە کاروبارەکانی ناوماڵ و ئەرکی ژنی چەندجار زیاد کردووە. ئەمڕۆ لە کاتێکدا هەموو ئەندامانی خێزان لەناو چوارچێوەی ماڵێک لە ئەپارتمانێکی بچووکدا تەواوی کاتیان بەسەر دەبەن، مەترسی ئەوە هەیە نەک تەنها کوڕ و پیاوەکان هاوکاری ژن و کچ و خوشک و دایک و هاوژینەکانیان نەکەن، بەڵکو ئاکار و کردەوەی توندوتیژیش لەناو ماڵ ئەنجام بدەن، تووڕەیی و ئارەزووە کپکراوەکانیان بە خوشک و کچ و دایک و هاوژینەکانیان دابڕێژن. ئەگەر لە رابردوودا کەسێک، خزمێک، هاوڕێیەک هەبوو ژنان هانای بۆ بەرن یا دەردی دڵی خۆیان لا بەتاڵ بکەنەوە، ئەمڕۆ ئەم دەرگایانە هەمووی داخراون و بەڕێوەبەرایەتییەکان و دام و دەزگای هاوکاری و بەدەنگەوەهاتنش کارناکەن. لە ئەنجامدا ژنان هیچ شوێنێکیان نییە هانای بۆ ببەن و لەناو چوارچێوەی ماڵ تەنها و گۆشەگیر دەبن و ئازار و مەینەتییەکانیان زیاتر دەبێت.

وەدەرنانی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیار و داڕشتنی ستراتیژی

ئەنجامێکی دیکەی نەرێنی ئەو دۆخە بریتییە لە وەدەرنانی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیار و بەشداری پێنەکردنیان. گۆڤاری مێدیکالی بەریتانی لانسێت، هەفتەی رابردوو وتارێکی دەربارەی جێندەر و ڤایرۆسی کۆڕۆنا بڵاوکردۆتەوە و باسی ئەوە دەکات کە چۆن نایەکسانی و نادادوەریی کۆمەڵایەتیی دەبنە مایەی کاردانەوەی خراپ لەسەر ژیان و تەندروستیی ژنان، چۆن ژنان و کچان لە دۆخی پەتادا باجی گەورەی سیستەمی سەرمایەداری دەدەن. گۆڤارەکە رۆشنایی دەخاتە سەر زاڵبوونی پیاوان لە ناوەند و سەنتەرەکانی بڕیار و داڕشتنی ستراتیژی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە و بەشداری پێنەکردنی ژنان. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە رووانگەی ژنان و پێداویستییەکانیان لە بڕیار و ستراتیژەکان رەنگ نەداتەوە. واتە ئەو چارەسەرەی دەخرێتە روو، لەوانەیە نەتوانێ وەڵامی پێداویستییە تایبەتییەکانی ژنان و ئەو خاڵانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا بداتەوە. دیارە ژنانی ئاوارە و بێدەرەتانی چینە هەژار و پەراوێزخراوەکانی زیاتر لە ژنێکی ئاسایی بەرەنگاریی دەرهاویشتە نەرێنییەکانی ئەم بارودۆخە دەبنەوە.

ئەنجام

ئەمڕۆ هەموو مرۆڤایەتی لە سەرانسەری جیهان بەرەوڕووی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆتەوە. هەموومان لە بارودۆخێکی ناهەمواردا دەژین کە پێشتر پێی رانەهاتبووین. ئەم دۆخە لەوانەیە بمانگەڕێنێتەوە لای شتە جەوهەرییەکان، لەوانەشە سروشتی مرۆڤ رووت بکاتەوە و لایەنە ئاژەڵییەکەی سیستەمی سەرمایەداری زیاتر دامانپڵۆسێنێ. لێرە و لەوێ باس لە گیانی هاوکاری و پشتگیری و  بەدەنگەوەهاتنی لانەواز و هەژار و پەراوێزخراوان دەکرێ. ئەمە ئاماژەیەکی دڵخۆشکەرە و پێویستە هانمان بدات هەموو فۆکەسمان بخەینە سەر سێ لایەن: تەندروستی، پەروەردە، دادوەری و ئاسایشی خێزان لە لە رووانگەی جێندەری و لە پێناوی پێکەوەبوونێکی جوان و مرۆڤانە.

تەندروستی لە ئێستادا گەورەترین سەرمایەیە، وڵاتان ئێستا بەئاگا هاتوونەتەوە کە بۆ خۆپاراستن لە مەترسییەکانی دەرەوە، سوپای نێرانە و مووشەک و هێزی ئەتۆمی بەهانایانەوە نایەت؛ ئەوەی پێویستە بکرێت بریتیە لە تەرخانکردنی بودجە بۆ هۆشیاریی تەندروستی و بەهێزکردنی سیستەمی تەندروستی و دام و دەزگاکان بە بەشداری ژنان و پیاوان. ئەمە لە داهاتوودا دەبێتە گەورەترین  سوپان بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە دۆخێکی وەک ئێستادا.

دووەم لایەن کە پێویستە فۆکەسی بخرێتەسەر، هۆشیاری و پەروەردەیە لە رەهەندی جێندەرییەوە. واتە پێویستی بە  پەروەردە و هۆشیارکردنەوەی منداڵ و کوڕەکان و برا و مێرد و باوکەکانمان هەیە تا رێز لە کچ و دایک و خوشک و هاوژینەکانیان بگرن، هاوکارییان بکەن بۆ راپەڕاندنی کاروبارەکانی ناوماڵ کە ئەرکی ژنی چەندجار زیاد کردووە. دابەشکردنی ئەرک و کارەکانیی ناوماڵ یەکێکە لەو ئاکارە جوانانەی کە نەک ئەرک و ماندووبوونی ئەندامانی مێ لەناو خێزان کەم دەکاتەوە، بەڵکو بۆ کوڕ و پیاوەکانیش دەبێتە مایەی رێکخستن و بەسەربردنێکی بەسوودی کات، ئومێدێك دروست دەکات و دووریان دەخاتەوە توندوتیژی و مشەخۆری، چونکە مشەخۆری و بەتاڵی و کارنەکردن مرۆڤ نائومێد و تووڕە دەکەن و دەبنە مایەی توندوتیژی لەناو خێزان. ئەمانە ئاسایشی ناو ماڵ و خێزان دەشێوێنن لە کاتێکدا ئەمڕۆ ناوماڵ شوێن و هۆکاری هەرە سەرەکییە بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا. دادوەریش کاتێ بەرقەرار دەبێ کە لە فەزا بچووکەکەی ناو ماڵەکانمانەوە دەست پێبکەین و لە رەحمی کارەساتێکی وەکو ئەمڕۆدا بەجۆرێکی دیکە و جوانتر ژیان ئەزموون بکەین.

ترس و نادڵنیایی ئەو هەستە گەورەیەن کە ئەمڕۆ ناخی هەموومانی تەنیوە: لە لایەک ترس لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخران و دەرنەچوون لە ماڵ، لە لایەکی دیکەش ترس لە سروشتی ئاژەڵیانەی مرۆڤ و نادڵنیایی لە بەرامبەر داهاتوو ، لە رووداوە ناگەهان و نامرۆڤییەکان لە پێناوی پاراستنی سیستەمی سەرمایەداری. ئەمڕۆ هەموو مرۆڤەکانی سەر گۆی زەمین هەست بەو ترس و نادڵنیاییە دەکەن و هەر یەکەشمان بە جۆرێک ئەزموونی ئەو قۆناغە ناهەموارە دەکەین.